ئاسیای کچی موزاحم

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-21-20:16:00 - کۆدی بابەت: 8344
ئاسیای کچی موزاحم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاسیا یان ئاسیەی کچی موزاحمی ژنی فیرعەون (بە عەرەبی: اسیا بنت المزاحم) ئەو ژنەی کە مووسا پێغەمبەری لە ڕووباری نیل دەرهێنا و پەروەردەکردنی لە ئەستۆ گرت، هاوسەری فیرعەون بوو کە خۆی بە خوداوەند دادەنا و نەوەی ئیسرائیلییەکانی دەچەوساندەوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی فیرعەونی هاوچەرخدا ئاسیا کچی پادشایەکی دەسەڵاتداری ناوچەیەکی میسڕ بووە، فیرعەون هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە سەرەڕای ئەوەی کە زانیوویەتی توانای خستنەوەی منداڵی نییە، بەڵام لەو سەردەمەدا نەریت بووە پادشاکان ژنخوازی لەنێوانیاندا هەبووە. هەندێک سەرچاوەی تر ڕەچەڵەکی ئاسیا دەگێڕنەوە بۆ سەر ڕەچەڵەکی نەوەی ئیسرائیلییەکان. 

ڕۆڵی ئاسیا لە ڕزگارکردنی پێغەمبەر مووسا

لە سەردەمی فیرعەوندا نەوەی ئیسرائیلییەکان کۆیلەی ژێردەستەی فیرعەون بوون و بە خراپترین شێوە دەچەوسێنرانەوە، هەر ژنێک لە نەوەی ئیسرائیلییەکاندا کوڕی ببووایە فیرعەون لەناوی دەبرد، لەو ساڵەی کە مووسا پێغەمبەر لەدایکبوو، خودا لەبارەی ئەو ڕووداوەوە لە سوڕەتی القصص ئایەتی 7 دەفەرموێت: (وَأَوْحَيْنَا إِلَىٰ أُمِّ مُوسَىٰ أَنْ أَرْضِعِيهِ ۖ فَإِذَا خِفْتِ عَلَيْهِ فَأَلْقِيهِ فِي الْيَمِّ وَلَا تَخَافِي وَلَا تَحْزَنِي ۖ إِنَّا رَادُّوهُ إِلَيْكِ وَجَاعِلُوهُ مِنَ الْمُرْسَلِينَ) واتا: ئێمه‌ دایكی مووسامان ئاگادار كردەوە، كه‌ شیری بداتێ، (خستمانە دڵییەوە) كاتێك مه‌ترسیت پەیدا كرد له‌وه‌ی كه‌ پێی بزانرێت بیخەرە ڕووباری (نییله‌وه‌) نه‌ بترسه‌ نه‌ خه‌میشی بۆ بخۆ، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ ڕاستی ده‌یگێڕینه‌وه‌ بۆ لات و له‌ ئاینده‌یشدا ده‌یكه‌ین به‌ یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌ره‌ په‌یامداره‌كان.
دواتر دایکی کردییە نێو سەبەتەیەکەوە و هاویشتییە نێو ڕووباری نییلەوە، ئاسیای ژنی فیرعەون هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ڕزگارکردنی مووسا، ئەو سەبەتەکەی دۆزییەوە و ڕێگەی نەدا فیرعەون و دارودەستەکەی لەناوی ببات، لەم بارەیەوەخودای گەورە لە سوڕەتی القصص ئایەتی 9 دەفەرمێت: (وَقَالَتِ امْرَأَتُ فِرْعَوْنَ قُرَّتُ عَيْنٍ لِي وَلَكَ ۖ لَا تَقْتُلُوهُ عَسَىٰ أَنْ يَنْفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَدًا وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ) واتا: ویستیان مووسا بکوژن ئاسیای ژنی فیرعه‌ون گوتی مایه‌ی چاو و دڵ ڕۆشنییه‌ بۆ من و بۆ تۆش (فیرعه‌ون)، مه‌یکوژن به‌ڵکوو سوود و که‌ڵکمان پێ بگه‌یه‌نێت یان بیکه‌ین به‌ کوڕی خۆمان، له‌ کاتێکدا ئه‌وان هه‌ستیان نه‌ده‌کرد ئه‌م منداڵه‌ ده‌بێته‌ هۆی تیاچوونیان. 
لە پاش ئەوەی مووسایان لە ڕووبارەکە ڕزگار کرد، ئاسیا ویستی دایەنێک دیاری بکات تاکوو شیری پێبدرێت، بەڵام مووسا شیری هیچ دایەنێکی نەدەخوارد کە ئاسیا بۆی دیاری دەکرد، قورئانی پیرۆز بەم شێوەیە ئەم ڕووداوەی لە سوڕەتی القصص ئایەتی 12 گێڕاوەتەوە: (وَحَرَّمْنَا عَلَيْهِ الْمَرَاضِعَ مِنْ قَبْلُ فَقَالَتْ هَلْ أَدُلُّكُمْ عَلَىٰ أَهْلِ بَيْتٍ يَكْفُلُونَهُ لَكُمْ وَهُمْ لَهُ نَاصِحُونَ)، واتا: ئێمه‌ پێشتر شیری هه‌رچی ئافره‌تی شیرده‌ره‌ له‌ومان حه‌رام كرد، خوشكه‌كه‌ی مووسا (به‌مه‌ی زانی حه‌كیمانه‌ له‌ كۆشك نزیك بووەوه‌) گوتی: ئایا ناونیشانی ماڵێكتان پێ بڵێم كه‌ ئه‌و مناڵه‌تان بۆ به‌خێو بكه‌ن و دڵسۆز و میهره‌بانیش بن بۆی.
لە ئایەتی دواتری هەمان سوڕەت خودای گەورە دەفەرموێت: (فَرَدَدْنَاهُ إِلَىٰ أُمِّهِ كَيْ تَقَرَّ عَيْنُهَا وَلَا تَحْزَنَ وَلِتَعْلَمَ أَنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ)، واتا: ئینجا مووسامان گێڕایه‌وه‌ بۆ لای دایکی بۆ ئه‌وه‌ی چاوی پێ ڕوون بێته‌وه‌ و خه‌م نه‌خوات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت که‌ به‌ڵێنی خودا ڕاست و هه‌قه‌ به‌ڵام زۆربه‌یان بەم ڕاستییە نازانن. بۆیە لەلایەن دایکییەوە شیری پێدرا و بووە دایەنی مووسا. 

باوەڕهێنان و کۆچی دوایی ئاسیا

لە کاتێکدا ئاسیا لە کۆشکی فیرعەون لە خۆشترین ژیان دەژیا و فیرعەونی هاوسەری خۆی بە خوداوەند و گەورەی هەموان دانابوو، بەڵام ئەو باوڕی تەواوی بە پەیام و خودای مووسا هێنا، فیرعەون کە بەوەی زانی بە سەختترین شێواز ئازاری داوە، بەڵام ئەو لەسەر باوەڕەکەی پاشگەز نەبووەوە و تاکوو کۆچی دوایی کرد لەلایەن فیرعەونەوە ئەشکەنجە و ئازار درا. 

پێگەی ئاسیا لە ئیسلامدا

خودای گەورە ئاسیای وەکوو نموونەی باوەڕداران هێناوەتەوە و لە قورئاندا ناوی هێنراوە لە سوڕەتی التحريم ئایەتی 11 خودای گەورە دەفەرموێت:  (وَضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا لِلَّذِينَ آمَنُوا امْرَأَتَ فِرْعَوْنَ إِذْ قَالَتْ رَبِّ ابْنِ لِي عِنْدَكَ بَيْتًا فِي الْجَنَّةِ وَنَجِّنِي مِنْ فِرْعَوْنَ وَعَمَلِهِ وَنَجِّنِي مِنَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ)، واتا: هه‌روه‌ها خودا بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌ نموونه‌ی هێناوه‌ته‌وه‌ به‌ هاوسه‌ره‌که‌ی فیرعه‌ون، کاتێك گوتی: په‌روه‌ردگارا له‌لای خۆت له‌ به‌هه‌شتدا ماڵێکم بۆ دروست بکه‌ (تا به‌رده‌وام به‌دیدارت شاد ببم) و له‌ ده‌ست فیرعه‌ون و کاروکرده‌وه‌ی ڕزگارم بکه‌ و له‌ده‌ست ئه‌م گەلە سته‌مکاره‌ش ده‌ربازم بکه‌.
بەپێی دەقی فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ، ئاسیا یەکێکە لە مەزنترین و باشترین ژنانی جیهان، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (خيرُ نساءِ العالَمينَ: مَريمُ بنتُ عِمرانَ وخديجةُ بنتُ خُوَيلدٍ وفاطمةُ بنتُ مُحمَّدٍ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم وآسيةُ امرأةُ فِرعونَ) واتا " باشترین ژنانی جیهان مەریەمی کچی عیمڕان، خەدیجەی کچی خوەیلد، فاتیمەی کچی محەمەد و ئاسیەی ژنی فیرعەونە".


سەرچاوەکان



768 بینین